شاعیر: سابیری
کتێب: دیوانی سابیری
سەرناو: ھەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ

ھەرکەسێ تالیبی شەمعی تەلعەتی جانانە بێ
شەو ئەبێ خوڵق و ڕەوشت و سەنعەتی پەروانە بێ

با دڵ و جەرگی بە خەنجەر پارەپارە و قیمە کەن
دەنگی ئاخ و ئۆفی نایە، چا نیە گەر وانەبێ

ئیشتیعالی ئاگری دڵ ئەو دەمە ئەکوژێتەوە
دائیرەی دڵ خەیمەگاھ و تەختی ئەو سوڵتانە بێ

مەست و مەدھۆشی لیقا چی بکا لە دونیای بێ بەقا
ھەر دەبێ دێوانە دائیم بێ لیباس و خانە بێ

موڵک و ماڵ و مەرتەبەی دونیایی دوونی بۆ چییە؟ 
شەو دەبێ مەجنوونی زولفی لەیل و ڕۆژ بێ خانە بێ

عەشقی یار و حوببی دونیا ھەردوو زیددی یەکترن
گەر دلارامت دەوێ با ماسیوا بێگانە بێ

ھەرکەسێ مەجنوونی لەیلابێ چ باکی تەعنەیە
لازمە ھەرچێ بکا نالایق و شێتانە بێ

ناوی مەجنوون ئاگری بەردایە دڵ ناحەق نییە
من وجوودم ماسی و ئەشکم وەکوو ڕۆخانە بێ

حەققە شەو گریان و ناڵینم بە چاوی سوورەوە
چونکە ئەنجامی عەرووسی عادەتە سوورانە بێ

پایزە و عالەم لە تەعمیراتی نەقشی خانەیە
عاشقی ڕووت ھەر مەکانی کەپری تاووستانە بێ

شادییە جەژنە ھەموو عالەم بە بەرگی تازەوە
دوور لە باڵات تابەکەی بەرگم ڕەش و زستانە بێ

دەستی بۆ گیرفانی ھێنا تاکوو ژیرم کاتەوە
من ھەنووم ھەڵسا سەرم قوربانی ئەو گیرفانە بێ

پیاوی عاقڵ گفتوگۆی بێھودە ناکا موتڵەقا
مەست ئەبێ ڕەفتار و ئەتواری ھەموو مەستانە بێ

سابیری پیر بووی خەوی غەفڵەت لە چاوت دەرنەچوو
کوا حەکیمی واقیفی ئەم عیللەت و دەرمان بێ